بەشێک لە چاوپێکەوتنی گۆڤاری “رێگا” چاپی سلێمانی، لەگەڵ هاوڕێ عەمەر ئیلخانی زادە، سکرتێری گشتی کۆمەڵە
رێگا: سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا، پێت وایە ئەمریکا بە جیددی بیر لە لێدانی ئێران دەکاتەوە؟
عومەر ئیلخانیزادە: من پێم وایە ئەمریکا بە جیددی بیر لەوە دەکاتەوە، کە نەهێڵێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێتء زۆریشی پێخۆشە لە رێگەی سەربازیی ئەگەر بۆى بگونجێنێت، ئێران بێبەری بکا لە چەکی ئەتۆمی، بەڵام مەسەلەکە ئەو گرفت و قەیرانەیە کە ئەمریکا هەیەتی بۆ لێدانی ئێران.
رێگا: پێت وایە ئێران چەکی ئەتۆمی هەیە یا خود هاوشێوەی چەکی سەدامە بۆ لێدانی ئێران؟
عومەر ئیلخانیزادە: من پێم وایە ئێران 19 ساڵە بە تەمایە چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هەروەها هەوڵی بۆ دەدات. ئێستاش هەموو ئەو گوشارە نێو نەتەوەییانە قبووڵ دەکات، دیارە مەبەستی ئەوەیە چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەوندەش کە دەرکەوتووە زانیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە پاکستانەوە کڕیوەء پەیدایکردووە، لە ئەنجامدا دەتوانین لانیکەم ئەوە لێکبدەینەوە کە ئێران بە هەموو دامء دەزگاکانیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئایا گەیشتووتە چەکی ئەتۆمی یا خود چەندی ماوە، بە بڕوای من ئەوە دیار نیە لە ئێستادا.
رێگا: ماوەیەک لەمەو پێش ئێران هەڕەشەی ئەوەی دەرکرد کە ئیسرائیل لە ناو بەرێت، پێت وایە ئەوە سازشە یا خود بە جیددی دەیەوێت زەربەیەک لە ئیسرائیل بدات؟
عومەر ئیلخانیزادە: بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کارێک بۆی بکرێت دژی ئیسرائیل دەیکات. چونکە ئەوان حکومەتێکی مەزهەبی (فیندەمنتالیست)ن. ئەوان هیچ کێشەیەکیان نیە بە هۆی جیاوازی مەزهەبء دینەوە بە هەزاران خەڵک لە ناو بەرن. بێگومان ئێران ئەو کارە دەکات. جیا لەوەش ئیسرائیل بە بەرگرێک دەزانێت لە ناوچەکەدا بەرامبەری خۆی. ئێران دەیەوێ لە رێی ئیسلامی سیاسی، ئیمپراتوریەتی شاهەنشای زیندوو بکاتەوە. راستە مەسەلەکان فەرقیان هەیە، بەڵام هەر هەمان ئیمپراتۆرییە. ئەگەر چاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەین تەنها ئێران وڵاتێکە کە چوارچێوەیەکی هەر چەند بچکۆلەء کورتکراوەی شاهانشای لێکەوتۆتەوە. لە ناو سێ ئیمپراتۆرییەکەی عەباسیء عوسمانیء شاهانشاهی، ئێران ماوەتەوە.
رێگا: ئەگەر لە ئێران هەلومەرجی راپەڕین بێتە کایەوە ئێوەبەشداری تیادا دەکەن؟
عومەر ئیلخانیزادە: بە دڵنیاییەوە ئێمە خوازیاری شەڕ نین، بەڵام ئەگەر جیا لە ئیرادەی ئێمە شەڕێک لە ناوچەکە روویدا ئێمە چی قازانجی گەلی کورد بێت دەیکەین. ئێمە پاڵپێوەرنەری شەڕ نین، بانگەوازی شەڕ ناکەین، بەڵام ئێمە ئەگەری راپەڕینی جەماوەریی هەر لە کۆنگرەی دواییماندا باسمانکردووەء خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین.
رێگا: ستراتژی ئێوە وەکوو کۆمەڵە سەبارەت بە دوارۆژی کوردستان تەنها لە چوار چێوەی فیدرالیزمدا خۆی دەبینێتەوە؟
عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە پێمان وایە مافی دیاریکردنی چارەنووسء سەربەخۆیی، مافی رەواو بێ ئەملاو ئەولای خەڵکی کوردستانە. هیچ حیزبء گروپێکی سیاسی ناکرێء ناتوانێ نکۆڵی لەو مافە بکا، یا ناتوانێ بۆ خۆی بیبەخشێ. ئەمە مافی خەڵکی کوردستانە. ئێمە هەمیشە ئەو مافە بۆ خەڵک بە رەسمی دەناسین و بەرگری لێدەکەین. شتێکی دیموکراتیکە کە لەگەڵ بەیانی مافی مرۆڤیش دێتەوەو هەڵوێستی ئێمەش ئەوەیە. لە هەمان کاتدا لە وەزعێکی سیاسی ناوچەییدا ئێمە ناڵێین کە هەموو کورد ببن بە یەکء دەوڵەتێک درووست بێت. کورد لەوانەیە بتوانێَ سێ دەوڵەت، چوار دەوڵەتی بێ. چی راستیەء تەباییء ئارامی دەپارێزێ لە ناوچەکەدا. ئێمە پێمان وایە کارێک بکەین، مەسەلەن لە ئێراندا گەلانی ئێرانی بە برایەتی پێکەوە بژین. ئێمە فیدرالیزم بە رێگەیەکی گونجاو دەزانین بۆ ئەو کارە. دروشمی ئێمە ئێستا ئەوەیە کە حکومەتێکی فیدراڵی لە کوردستان دابمەزرێء نەتەوەکانی دیکەیش بەر مەبنای ئەوە ئێرانێکی فیدراڵی درووست بکەین.
رێگا: ئێوە لەو باوەڕەدان ئێران بەر زەربەی ئەمریکا دەکەوێ؟ ئەگەروایە ئێوە خۆئامادە کردنتان چیە بۆ ئەو هەلء مەرجە؟
عومەر ئیلخانیزادە: گرنگترین مەسەلە بۆ ئێمە ئەوەیە کە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆمان بینء لە مەیدانی واقیعیدا بین. ئەوە هێزی ئێمەیە، نەک ئەوە کە ئەمریکا چەند لێمان قبووڵ دەکات. ئێمە پەیوەندی نێونەتەوەیی خۆمان لەگەڵ ئەمریکاء ئوروپا زۆر بە گەرمی رادەگرین، لەگەڵ ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست پەیوەندی باشمان هەیە، بە دڵنیایی ساڵانیتر بەشداری دەکەین لە ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست، لە گەڵ وڵاتانی تری ئوروپایی پەیوەندیمان هەیەء ئەو پەیوەندییانەش گەشە پێدەدەین. بەڵام بە هەموو ئەوانەءە پێمانوایە ئەوەی چارەنووسی خەڵکی کورد دیاری دەکات، هێزو وزە ناوخۆییەکەیەتی. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە یەکەمجار حیزبەکانی کوردستان بتوانن یەکگرتوو بن، هاوکاری بکەن، ئیئتیلاف یان بەرەیەک درووست بوو باشە، درووست نەبوو لە نێوان بەرەو نابەرەدا رێگەی تریش دەتوانێ ببێ. بۆ لەیەک نزیکبوونەوەیان هەوڵ دەدەین. خۆمان لەو کۆنگرە بڕیارمان داوە کە ئێمەء حیزبەکانیتری رۆژهەڵات بوینە تاراوگەنشین (حیزبی تەبعییدی)و لە ئەنجامدا کاری سەرەکیء ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین لەگەڵ خەباتی ناوەوە (مەدەنی)، لەگەڵ خەباتی جەماوەری ئەو خەباتانەی ئێستا لە کوردستان هەیە، خەباتی رووناکبیری کە بە بڕوای من لەم سآ دەیەدا کوردستانی ئێران، بە تایبەتیتر لەم دەیەی کۆتاییدا زۆر زۆر گەشەی کردووە، زۆر زۆر لە حیزبەکان پێشکەوتووتر بووە، واتە حیزبەکان نەیانتوانیوە وەڵامی پڕاوپڕی ئەو خەباتە مەدەنیء خەباتی دیموکراسیء خەباتی رووناکبیرییە بدەنەوە. ئێمە بۆ هەموو رەهەندەکانی خەبات خۆمان ئامادە دەکەین. مەسەلەن خەباتی چەکداری، ئێمە پێمان وایە ئەم جۆرە خەباتە هێشتا مانای هەیە، بەرگری گەلێکە بەچەک لە خۆی و لە پێشێلکردنی مافەکانیء بۆ ئەوەی مافەکانی پێشێل نەکرێ، هەر بۆیە ئێمە کار دەکەین ئەو خەباتەش تازە بکرێتەوە. بەڵام ئێمە ئێستا لە هەلءمەرجێکداین، ناتوانین کارێک بکەین گرفت بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان درووست بکات، ئێمە ئەوە ناکەین. بەڵام بۆ خۆمان بەرنامەمان هەیەو کۆنگرەش کومیتەی ناوەندی راسپاردووە، کە لەو بوارەدا کاری جیددی بکاتء بۆ هەموو هاوکاریەکیش لەگەڵ حیزبەکانی تر دەستی ئاوەڵا کردووە.
رێگا: ئەمریکا ئێستا لە پەیوەندییەکی گەرمء گوڕدایە کە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران، هیچ پەیوەندییەکی بە ئێوەوە کردووە؟
عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا بووەو هەمانە، بەڵام هێشتا ئەم پەیوەندییەمان گەرمء گوڕ نیە. بە بڕوای من لە سەر مێزی کاربەدەستانی ئەمریکایی مەسەلەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە تایبەت ئۆپۆزسیۆنی کوردی، بە جیددی وەرنەگیراوە. تەنانەت ئەو یارمەتیانەی دیکەنء دەیدەن بۆ رۆژنامەو رادیۆ کە بۆ خۆیان دایانناوە تەقویەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بکەن، بە تایبەتی لە مەسەلەی کورددا، من پێم وایە فایلێکی رۆشن لەسەر مێزەکەیان هێشتا نیە، بەڵام ئێمە پەیوەندیمان هەیەء هەوڵ دەدەین ئەوەشیان پێ بناسێنین.
رێگا: شێوەی پەیوەندییەکەتان چۆنەء لە چ ئاستێکدایە؟
عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا قسەمان کردووە، دەستی یارمەتیمان درێژ نەکردووتەوە، ئێمە ئەو کاتەیش کە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا بووین، رازی نەبووین کە لە یارمەتیەوە دەست پێبکەین و لە پێشدا دەست بگرینەوە، ئێمە سواڵکەر نین، ئێمە نوێنەری گەلێکین کە قسەی هەیەء گرنگترین شت ئەوەیە کە، سەرنجی وڵاتانی دەرەوە بۆ مەسەلەی رەوای کورد رابکێشآ. ئێمە پەیوەندی سیاسیمان دەوێ، ئێمە پێمانوانییە تەنیا بە چەکء پووڵ خەبات بکرێء گەل رزگار دەبێ، لە پێشدا دەبێت لە باری سیاسییەوە بە رەسمی بمانناسنء، ئەوە بە جیددی وەربگیرێء لەسەر ئەوانە رێبکەوین. ئەمجار دەستی یارمەتی بۆ هەر کەسێک درێژ دەکەین، بۆیە نە داوای یارمەتیمان لە ئەمریکا کردووە، نە نیازمان هەیە ئێستا داوای یارمەتی ماددی لێبکەین. ئێمە لە هەموو دونیای دەرەوە یەک لەوانەش ئەمریکا، بە رەسمی ناسینی ئۆپۆزسیۆنی کورد، یا وەک دۆستء وەک کەسێک کە یاریدەری مەیدانی سیاسییە، وەک گەلێکی خاوەن ماف پێوەندی سیاسی جیدیمان لەگەڵ بگرنء گوێ لەقسەکانمان بگرن، ئەوە داخوازیی ئێمەیە کە هەمانە.
رێگا: سەبارەت بە پژاک هەست ناکەیت ئێستا بووەتە بەدیلی ئێوە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی ئێران بەتایبەت خەباتی چەکداریتان راگرتووە؟
عومەر ئیلخانیزادە: کوردستانی ئێران 12 ملیۆنەء زۆر گەورەیە، ئێمە لانیکەم (38-39) ساڵە رابردووی خەباتمان هەیەء لەو وڵاتە ریشەمان هەیە، کادرمان هەیە، هەزاران شەهیدمان هەیە. نە ئێمە، نە حیزبی دیموکرات کەس جێگەی پڕ ناکاتەوە. لە وڵاتێکی پانء بەرین و گەورەی 12 ملیۆنیدا، با پژاکیش جێگەی خۆی بکاتەوە، پژاکیش دەتوانێت ببێت. ئەوەی مەسەلەیە سەبارەت بە پژاک، ئەوەیە کە پژاک حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات نیە، ئەو قسەو بڕیاری خۆی لە (پەکەکە) وەردەگرێت من (پەکەکە) بە حیزبێکی دۆست دەزانمء گەلی باکوور لە کوردستان، بە براو هاوپشتء نزیکی خۆمان دەزانم. ئەوان بە بەشێک لە گەلی کورد دەزانینء بۆ هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ (پەکەکە) حازرینء ئەوشمان کردووە. پژاک ئەگەر بیەوێت لە کوردستانی رۆژهەڵات کار بکات، بەر لە هەموو شتێک دەبێ خۆی حیزبی سەربەخۆ بێتء بەشێک نەبێت لە پەکەکە. من لاموایە خەباتی چەکداری پژاک جێگەیەکی پەیدا کردووە لە کوردستانی ناو ئێران، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەری کەسی نەگرتووە، ئێمە بەغیل نین، ئێمەش بڕوامان هەیە خۆمان کار بکەین، ئێمە پێویست ناکات دژایەتی پژاک بکەین، دوژمنایەتی پژاک بکەین (ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە کورد وتەنی). بۆیە دەبێ ئێمە بڵێین کاڵای ئێمە چیە، قسەی ئێمە چییە، نەزەری ئێمە چیە بەرامبەر بە خەڵکء گەلء خەباتەکەی. ئێمە خۆمان هەوڵ دەدەین، مەیدانێکی بەرفراوانی کاری سیاسی هەیە، لە ململانێ سیاسی دیموکراتیانەدا، خەڵک با خۆی بڕیار بدات کە کام حیزب دەتوانێت لە چارەسەری مەسەلەی کورد بەشدار بێت. جیا لەوە دەبێت ئێمە خوازیاری فرەچەشنی سیاسی بین. هیچ قەیناکە با حیزبێک (30 دەرسەد) حیزبێک (40 دەرسەد) بێ. من پژاک بە ئاڵترناتیڤی خۆمان نازانم، پژاک بە ئاڵترناتیڤێک دەزانم کە پەکەکە دروستی کردووە، وە رەنگە ئەوە حەساسیەتێک هەڵبخڕێنی. پژاک ئەگەر ساڵیک، ساڵء نیوێک خەباتی چەکداری دەکات، ئێمە 15 ساڵء 20 ساڵمان کردووە، هەزاران شەهیدمان هەیە. هۆکارێک نیە ئێمەء پژاک بەر ببینە گیانی یەک، دژایەتی یەکتر بکەین. پێمان وایە بە دیالۆگ دەکرێ ئەوانە چارەسەر بکرێ. پێمانوایە کۆمەڵە ئەوەندە بە هێز هەیە. بەشێکی زۆری بەشداربووانی کۆنگرەکەی ئەم دواییەی ئێمە کەسانێک بوون لە ناوەوەی کوردستان هاتبوون کە دەتوانم بڵێم نیشانیدا کە هێزێکی کارای هەیە. گرنگ ئەوەیە ئێمە کەموکوڕییەکانی پێشوومان بناسین، کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو کەموکۆڕیانەمان چارەسەر بکرێ. راستە ئێمە لە بارودۆخێکی دژوارداین، جێگەو رێگەمان لە کوردستانی باشوورە، ئەوە مەحدوودمان دەکاتەوە. ئێمە بەرپرسین بەرامبەر بە داهاتووی کوردستانی باشوور، بەڵام پێموایە بەوەشەوە دەکرێ رێگە ببینینەوە، کە نەک لێرە، لە ناوەوە کار بکەین. خەباتی چەکداری زیندوو بکەینەوە. باقی خەباتەکانی دیکە بۆ ئێمە وەک: خەباتی سیاسی، مەدەنی،.. گرینگی تایبەتی هەیە، خەباتی جەماوەری گرنگی تایبەتی هەیە.


بێ کۆمێنت ... تکایه بیروڕای خۆت سهبارهت بهم بابهته بنووسه